شاندێكی كۆنگرێسى ئه‌مریكا په‌یامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ به‌غدا و هه‌ولێر ده‌ده‌ن

20/03/2019 جیهان

نه‌وا
باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ عیراق ئاشكرایكرد، شاندێكی لیژنه‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى كۆنگرێسى ئه‌مریكا سه‌ردانى به‌غدا و هه‌ولێریان كردوه‌ و گفتوگۆیان له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌ردوولا كردوه‌، ئاماژه‌شیان به‌وه‌داوه‌ كه‌ سوپاى ئه‌مریكا له‌ عیراقدا ده‌مێنێته‌وه‌.
باڵیۆزخانه‌كه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، رۆژانى 18 و 19ى ئه‌م مانگه‌ شاندێكی لیژنه‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى كۆنگرێسى ئه‌مریكا هاتونه‌ته‌ عیراق و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كۆبوونه‌ته‌وه‌.
دواتر ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ سه‌ردانی هه‌ولێریان كردوه‌ و چاویان به‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى كه‌وتوه‌.
به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌، لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عیراق له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیه‌ دوو قۆڵییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و عیراق، داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كان، هاریكاریه‌ دوو قۆڵییه‌كان، به‌زاندنى رێكخراوى داعش و رۆڵى ئه‌مریكا له‌پێدانى راوێژ به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و راهێنانكردن پێیان تاووتوێ كراوه‌.
هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ ته‌ئكیدیشیكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ سوپاى ئه‌مریكا وه‌ك به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عیراقدا بمێنێته‌وه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group