ئەندامێكی لیژنەی یاسایی: كۆمسیۆن مەبەستیەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دوابخرێت

21/03/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئامادەكارییەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان دەستیپێكردوە و چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەكانی داهاتودا بخرێنە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لەكۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی بە ئامادەبوونی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە 19ی تشرینی دووەمی 2019 دەربڕیوە، لەئێستاشدا وەكو لیژنەی یاسایی گفتوگۆیان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن كردوە.
وتیشی "ئەگەر یاسای هەڵبژاردنەكان هەموارنەكرێتەوە هیچ بەهانەیەك نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە، چونكە دەكرێت بەو یاسایەی ئێستا هەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام دیارە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق مەبەستییەتی هەڵبژاردنەكە دوابخرێت".
جەختیشیكردەوە، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان لە لیژنەی یاسایی گفتوگۆی لەسەر كراوەو چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەكانی داهاتودا بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group