"لە بەرانبەر هەموار كردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم یەكێتی هەڵوێستی توندی دەبێت"

23/03/2019

نەوا-كاروان مەحمود


لەبەرانبەر لێدوانێكی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بۆ هەموار كردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە بێ یەكێتی، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی سەوز دەڵێت: "چاوەڕوانی ئەم هەڵوێستەمان نە دەكرد لە پارتی، ئەگەر كارێكی لەو شێوەیەش بكرێت یەكێتی هەڵوێستی توندی دەبێت".
ئومێدخوشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، "هەموو هەوڵێك دەدەین بەبێ‌ یەكێتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار نەكەینەوە، بەڵام ئەگەر هەر نەهاتن، هەمواری یاساكە راناگرین".
لەمبارەیەوە سەركۆ ئازاد گەڵاڵی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "چاوەڕوانی هەڵوێستی لەوجۆرەمان نەئەكرد لە پارتی، پێمان وایە دەستبردن بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە رەهەندێكی نیشتمانی هەیەو بەبێ ئامادەبوونی لایەنێك كارێكی باش نییە لەكاتێكدا پەیوەستە بەسەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان"، باسی لەوەشكرد، "لە 2014 وەكو یەكەم حزب لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بووین و بەشێوەیەك سیستەمەكە سیستەمێكی  پەرلەمانی بێت، بەڵام پێمان وایە ئەگەر پارتی بیەوێت وەكو دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی و دیاریكردنی لیژنەكانی پەرلەمان هەوڵی هەموار كردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بدات، یەكێتی نیشتمانی ئەمجارە هەڵوێستی دەبێت".
ئەوەشی وت: "چۆن پێشتر رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پرسی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بووە هۆی پەككەوتنی پەرلەمان و داخستنی بازگەكان بەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێمان وایە ئەمجارە بازگەكان توندتر دەبێتەوە"، ئاشكراشیكرد، "هەرچەندە ئاواتە خواز نین بەڵام یەكێتی نیشتمانی لەسەر ئەو پرسە كە رەهەندێكی نیشتمانی هەیە هەڵوێستی توندی دەبێت و بەوەش یەكێتی ناچاردەكرێت بە ئەنجامدانی كارێكی نەخوازراو كە هیچ كەسێكمان ئاواتی پێ ناخوازین".  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group