سائیرون گوشارەكانی بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان چڕدەكاتەوە

09/04/2019 عێراق

نەوا


بەدر زبادی پەرلەمانتاری عیراق لەسەر لیستی ئیئتیلافی سائیرون دەڵێت، رۆژی چوارشەممە ئیئتیلافەكەی كۆدەبێتەوە بۆ گوشارخستنەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆئەوەی پرۆژەیاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بخاتە بەرنامەی كارەوە.
زبادی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، قسەی زۆرمان كرد و داوامان لە حكومەت و سەرۆك وەزیران كرد، كە سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عیراقە، بێتە پەرلەمان و پێویستی بوونی هێزە بیانیەكان لە عیراقدا رونبكاتەوە، هەروەها سەرۆك وەزیران بەرپرسیارێتی هەر فراوانبونێكی ئەو هێزانەی لە عیراقدا دەكەوێتە ئەستۆ.
وتیشی، بڕیاری دەركردنی هێزە بیانیەكان بوونی هەیە و سورین لەسەری، بەڵام بەداخەوە گوشارەكانی ئەمریكا، كە هەندێك سیاسی گوێی لێدەگرن، بوەتەهۆی ئەوەی ئەو هەنگاوە نەنرێت، بۆیە پێویستە هەڵوێستەكان و بڕیاری هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكە سەبارەت بەو هێزانە یەكبخرێن.
ئەو پەرلەمانتارە رونیكردوەتەوە، رۆژی چوارشەممە ئیئتیلافی سائیرون كۆدەبێتەوە تا گوشار بخرێتەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆئەوەی یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان بخاتە بەرنامەی كاریەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group