بەریتانیا توركیای بێ ئومێد كرد

10/04/2019 جیهان

 

دادگاكانی بەریتانیا داوایەكی حكومەتی توركیایان لە بارەی رادەستكردنەوەی چەند كەسایەتیەكی سەر بە بزوتنەوەی گولەنیان رەتكردەوە، كە پێشتر یەكێكیان بەرپرسی كۆلێژەكانی ئیشقی هەرێمی كوردستان بووە.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا، دادگاكانی بەریتانیا بۆ دووەم جار داواكاری حكومەتی توركیایان رەتكردەوە كە بەمەبەستی رادەستكردنەوەی ئاكن ئیپەك، خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی كۆزا ئیپەكی توركیا و تاڵب بویوك، بەرپرسی پێشووی كۆلێژەكانی ئیشقی هەرێمی كوردستان، پێشكەشی بەریتانیایان كردبوو.
بەپێی هەواڵەكە، دادگاكانی بەریتانیا پێشتر داواكەی توركیایان رەدكردبووە، حكومەتی توركیاش تانەی لەو بڕیارە دابوو و داوای كردبوو كەیسەكە ببرێتە دادگای تێهەڵچوونەوە، بەڵام رۆژی 9 ی نیسان دادگای پەیوەندیداری بەریتانیا بڕیاری لەسەر بابەتەكە داوە و بێتاوانی بویوك و ئیپەكی سەلماندووە و داوای رادەستكردنەوەیانی بۆ توركیا رەد كردووەتەوە.
لە بڕیارەكەی دادگا بەریتانییەكەدا هاتووە كە "هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئیپەك و بویوك نییە بیسەلمێنێت كە تاوانیان ئەنجام داوە." هاوكات دادگاكە داواكەی توركیا بە "سیاسی" ناودەبات.
لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا نیگەریانی وڵاتەكەی لەو بڕیارە دەبڕیوە و دەڵێت كە ئەو بڕیارە توركیای تووشی نائومێدی كردووە.
حكومەتی توركیا بزووتنەوەی گولەن بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دەزانێت و تۆمەتباری دەكات بە ئەنجامدانی كودەتا سەرنەكەوتووەكەی ساڵی 2016 لە توركیا.
بویوك و ئیپەك لە ساڵی 2015 ەوە دانیشتووی بەریتانیان و كۆماری توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە بیانگەڕێنێتەوە بۆ توركیا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group