كۆریای باكوور نایەوێت پۆمپیۆ لە دانوستانەكاندا بەشداربێت

19/04/2019 جیهان

 

كۆریای باكوور داوایكرد مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە ئەركی سەرۆكی دانوستانكاران لە میانی دانوستانە ئەتۆمییەكانی نێوان پیۆنگ یانگ و واشنتۆندا، دووربخرێتەوە.  
كۆن جۆنگ ئون سەرۆكی فەرمانگەی بەرپرس لە دۆسیەی ئەمریكا لە وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باكوور،  لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی وڵاتەكەی، مایك پۆمپیۆی بە بڵاوكردنەوەی روونكردنەوەی "رێگر و پەلەپڕوزێ" تاوانباركردووە. 
كۆن جۆنگ ئون جەختی لەوەكردووەتەوە كە پیۆنگ یانگ ئارەزووی دیالۆگ لەگەڵ واشنتۆن بە سەرۆكایەتی پۆمپیۆ ناكات و رایگەیاندووە "ئەگەر بێت و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەردەوام بێت لەوەی سەرۆكایەتی دانوستانەكان بكات، ئەوا جارێكی دیكەش دانوستانەكان ئەنجامیان نابێت". 
ئون راشیگەیاندووە "ئەگەر بێت و دیالۆگ لەگەڵ ئەمریكادا درێژەی هەبێت، ئەوا هاوبەشانی گفتوگۆكان خوازیارن نەك پۆمپیۆ بەڵكو كەسێك بێت كە لەبارەی درووستكردنی پەیوەندیی لەگەڵیاندا پێگەیشتووتر و وردتر بێت".  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group