فەرەنسا پشتگیریی ئابوری پێشكەشی خۆبەڕێوەبەریی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا دەكات

20/04/2019 جیهان

نەوا
شاندێكی فیدراسیۆنی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا سەردانی پاریسی كرد و لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا كۆبوەوە، پاریسیش پشتگیری بۆ هێزەكانی سوریای دیموكراتیك دژبە داعش دوپاتدەكاتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی كۆماری فەرەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لە كۆبونەوەكەدا بەنوێنەرانی فیدراسیۆنی باكور و خۆرهەڵاتی سوریای راگەیاندوە، پشتگیریی فەڕەنسا لە تێكۆشانی دژبە داعش بەردەوام دەبێت. 
راشیگەیاند، هێشتا داعش مەترسییە بۆسەر ئاسایشی هاوبەش، بەتایبەتی بەهۆی بابەتی چەكدارانی داعش و خێزانەكانیان كە بەندكراون، بۆیە فەرەنسا بەردەوامی بە پشتگیری خۆی دەدات بۆ خۆبەڕێوەبەریی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا. سەبارەت بە پێداویستییە مرۆییەكان و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ كۆمەڵگەی سوریاش، هاریكاریی مادی پێشكەش دەكەن.
ئاژانسی فوراتنیوز بڵاویكردۆتەوە، لەنێو ئەو شاندەی لەگەڵ ماكرۆن كۆبوەتەوە، عەبید حەمید مەهباش هاوسەرۆكی فیدراسیۆنی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا و نەسرین عەبدوڵڵا فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی ژن "یەپەژە" هەبوە، دوای دیدارەكەش لەگەڵ سەرۆك كۆماری فەرەنسا، پرێس كۆنفرانسێكیان رێكخستوە و تێیدا عەبید حەمید مەهباش رایگەیاند، لە تێكۆشینی دژبە تیرۆردا خۆبەڕێوەبەریی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا پێویستی بە هاریكاری هەیە، ماكرۆن لەوبارەیەوە بەڵێنی هاریكاری دوپاتكردوەتەوە. 
وتیشی "سەرۆك كۆماری فەرەنسا دوبارەی كردەوە، كە پاریس بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوە پشتگیریی ئابووری پێشكەشی خۆبەڕێوەبەرییەكە دەكات".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group