وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق: هیچ نوسراوێك بۆ بلۆككردنی یاری PUBGمان پێنەگەیشتوە

20/04/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق رایگەیاند، تائێستا هیچ نوسراوێكیان بۆ بلۆككردنی یاری پەبجی (PUBG) بەدەستنەگەیشتوە.
وەزارەتەكە لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، تائێستا هیچ نوسراوێكی فەرمییان لە پەرلەمانی عیراقەوە بەدەستنەگەیشتوە بۆئەوەی یاری PUBG لەتۆڕەكانی ئینتەرنێتەوە بلۆك بكەن.
لەدانیشتنی رۆژی چوارشەممە 17-4-2019ی پەرلەمانی عیراقدا بەكۆی دەنگ بڕیاریدا بەوەی سەرجەم ئەو یارییە ئەلیكترۆنیانەی بازرگانیان پێوەدەكرێت یان توندوتیژی بڵاودەكەنەوە وەك یارییەكانی "پەبجی، فۆرتنایت و نەهەنگی شین" بلۆك بكرێن، چونكە مەترسین بۆسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و رەوشت و پەروەردە و فێركردن.
لای خۆشیانەوە چالاكوانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گاڵتە بەو بڕیارەی پەرلەمان دەكەن و ئاماژە بەوەدەدەن، سەرەڕای ئەو هەموو یاسا گرنگەی ماون پەسند بكرێن، كە خزمەت بە هاووڵاتیان دەكەن، بەڵام پەرلەمانتاران بەبیانوی توندوتیژی، یاری ئەلیكترۆنی بلۆك دەكەن.
هەروەك بە گاڵتەپێكردنەوە باس لەوەدەكەن، شتێك نییە بەناوی یاری "نەهەنگی شین"، بەڵام پەرلەمانی عیراق قەدەغەی كردوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group