وەزارەتی دارایی بڕیارێكی نوێی بۆ فەرمانبەران دەركرد

20/04/2019

 

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم دەتوانرێت گواستنەوەی كاتی "تەنسیب"ی فەرمانبەران لە فەرمانگەیەوە بۆ فەرمانگەیەكی تر بۆ یەك ساڵی تر درێژبكرێتەوە.
بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم كە ئیمزای رێباز حەملان وەزیری دارایی لەسەرەو لە 16 ی نیسانی 2019 دەرچووە، تێیدا هاتووە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بڕیاریداوە ماوەی گواستنەوەی كاتی "تەنسیب" لە فەرمانگەیەكەوە بۆ فەرمانگەیەكی تر لە دوای یەك ساڵ درێژ بكرێتەوە بۆ یەك ساڵی تر واتە دەتوانرێت بكرێتە دووساڵ.
لە نوسراوەكەی وەزارەتی داراییدا سەبارەت بە موچە و دەرماڵەی فەرمانبەری تەنسیب كراویش هاتووە، لە كاتی تەنسیبكردنی فەرمانبەر بۆ فەرمانگەیەكی تر تا كۆتایی ساڵی دارایی كە دەكاتە مانگی 12، سەرجەم موچە و دەرماڵەكانی لە فەرمانگەكەی خۆی (بنەڕەتیەكە) بۆ خەرج دەكرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، كە بۆ ساڵی دارایی نوێ، ئەو فەرمانگەیەی فەرمانبەرەكەی بۆ تەنسیب كراوە لەسەر بنەمای بڕوانامەی دوایین موچە، موچەكەی بۆ خەرج دەكات، واتە تەنها شایستەی ئەو موچە و دەرماڵانە دەبێت كە لە برشوانامەی دواموچەكەیدا هاتووە، نەوەك ئەو موچە و دەرماڵانەی كە لە فەرمانگەی تەنسیب بۆكراوكە خەرج دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group