عێراق.. دەركردنی سزای لەسێدارەدان بۆ دوو ئەندامی داعش

21/04/2019 عێراق

دادگای تاوانەكانی ناوەندی بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو چەكداری داعش دەركرد كە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك پەلاماری تیرۆریستی لە سووریا و عێراق تاوانباركراون.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەداوە كە دەستەی یەكەم لە دادگای تاوانەكانی كەرخ وردبینی كردووە بۆ دۆسیەی دوو كەس لە ئەندامانی داعش، كە زنجیرەیەك پەلاماری تیرۆریستییان دژبە خەڵكی مەدەنی و بە ئامانجی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری لەناو عێراق و سووریا ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە دوای وردبینییەكە، دەستەی یەك لە دادگای تاوانەكانی ناوەندی كەرخ پشتبەستن بە ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو تیرۆریستەكە دەركردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە كە ئەو سزایە بەرایییە و دەتواندرێت لە دادگای تێهەڵچوونەوە لە میانی 30 رۆژدا لە رێكەوتی دەركردنیدا، تانەی لێ بدرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group