دادگا بڕیاریدا بە گەڕانەوەی سەعید كاكەیی بۆ سەركارەكەی لە كۆمسیۆن

24/04/2019 عێراق

 

سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، توانی ئەو داوایە بباتەوە كە لە دادگای كارگێڕی لە دژی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران تۆماریكردبوو.
بەپێی بڕیارەكەی دادگای كارگێڕی عێراق داواكار سەعید حەمید ئەمین كاكەیی دەتوانێت بچێتەوە سەركارەكەی خۆی و دەست بە دەوامكردن بكاتەوە، وەك ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
بە گوێرەی بڕیارەكە دەبێت سەرۆكی كۆمسیۆن سەرجەم تێچوونی داواكە لە ئەستۆ بگرێت.
لە بڕیارەكەی دادگادا ئاماژە بەوە كراوە بە بێ بوونی هیچ بنەمایەكی یاسایی متمانە لە سكاڵاكار سەندراوەتەوە، كە بە گوێرەی یاسا نابێت لە 60 ڕۆژ زیاتر بێت.
ساڵی رابردوو  لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەعید كاكەیی كە نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسیەوە دەست لە كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا وەردەدەن و بەوهۆیەوە لە كۆمسیۆن دوورخرایەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group