عێراق ئاستی هاوردەكردنی غاز و كارەبا لە ئێرانەوە بەرزدەكاتەوە

پێش 4 هەفتە عێراق

 

وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، بەنیازن هاوردەكردنی غاز و كارەبا لە ئێرانەوە زیاتر بكەن.
موسعەب مودەریس وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق، بە رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی راگەیاندووە كە لەئێستادا رۆژانە، 28 میلۆن پێ سێجا غاز لە ئێران هاوردە دەكەن كە پێدوایستی ژمارەیەك وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە رووی غازەوە پێ دابین دەكەن. 
ئاشكراشی كردووە كە وەزارەتی كارەبا لە پلانی دایە لە سەرەتای مانگی حوەزیرانی داهاتووە بڕی هاوردەكردنی غاز لە ئێران زیاد بكات و بگەیەنێتە 35 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا، بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ سێ ملێۆن و 500 ھەزار میگاوات بەزربكاتەوە كە لەئێستادا، دوو ملیۆن و 800 هەزار میگاواتە.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق راشیگەیاند كە بۆ دابینكردنی كارەبای نیشتمانی، ئێران رۆژانە هەزار و 200 میگاوات دەدات بە عێراق و ئاماژەی بەوەشدا، كۆی گشتی ئەو بڕە كارەبایەی كە عێراق لە ئێرانەوە هاوردەی دەكات، چوار ملیۆن و 700 هەزار میگاواتە.
ناوبراو ئاشكراشیكرد كە وەزارەتی كارەبا لە پلانی دایە هەشت هەزار میگاواتی دیكەی كارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە بكات بۆ ئەوەی قەبارەی وزەی كارەبا بۆ ئەم وەرزەی ھاوین بگەیەنێت بە بەرزترین ئاست لە مێژووی عێراقدا.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا سزاكانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران توندتر كردەوە و رایگەیاند، لە مانگی ئایارەوە هیچ وڵاتێك بۆی نییە نەوت و پێكهاتەكانی لە ئێرانەوە هاوردە بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group