وتەبێژی یەكێتی: ناكرێت چارەنوسی هێزەكانمان بدەینە دەست حزبێك، كە هێزی نییە

06/05/2019

نەوا


وتەبێژی فەرمی یەكێتی جەختدەكاتەوە، كە ناكرێت چارەنوسی هێزەكانی 70ی حزبەكەیان بدەنەدەست حزبێك، كە خۆی هێزی نییە.
لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەرنامەی "ئاراستە"ی رادیۆ نەوا ئاماژەی بەوەدا، كە ئەوەی یەكێتی و قاعیدەی یەكێتی ویستویەتی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا 100% دەستی نەكەوتوە. وتیشی "هیچ لایەنێك ناتوانێت هەرچیەكی ویست دەستی بكەوێت و دەبێت لەچوارچێوەی واقیعدا هەڵسوكەوت بكات، بەڵام لانی كەم دڵنیایی ئەوەمان دەداتێ‌، كە بەشێكی كاریگەر دەبین لە حكومڕانی وڵاتدا".
لەبارەی ئەوەی گوایە جێگرەكەی یەكێتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی نییە، لەتیف شێخ عومەر وتی "راستیەكەی ئەوەیە ئێمە ویستمان هەندێك بابەت نەبێتە هۆكاری دواكەوتنی حكومەتێكی گەورە و گران، كە خۆی زۆر دواكەوتوە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوانەی هێزیان هەیە دەتوانن لەو پۆستانەدا بن، كە بەرپرسیارێتی ئەو هێزانەیان هەیە".
وتیشی "پرەنسیپەكە لەنێوان ئێمە و پارتی ئەوەیە تا ئەو رۆژەی ئەم هێزانە دەبنە نیشتمانی دەبێت بڕیاردان تەنیا بە دەستی ئەو حزبانە بێت، كە هێزیان هەیە و مەنتیقیش دەڵێت ناكرێت چارەنوسی هێزی 70 كە هی ئێمەیە، بە دەست حزبێك بێت، كە هێزی نییە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group