پەرلەمانتارێكی گۆڕان: تاكە كاندیدی سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی-یە و شایستەیە لەڕوی یاساییەوە

09/05/2019

نەوا
ئەندامێكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت "تاكە كاندیدی سەرۆكی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-یە و هەر ئەویش دەبێتە سەرۆك و شایستەیە لەڕووی یاساییەوە".
جەلال محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان و بڕیاردەری لیژنەی یاسایی بۆ دەنگی ئەمریكا وتویەتی "هەر لەسەرەتاوە فراكسیۆنی پارتی مەرجەكانی بوون بەسەرۆكی هەرێم-ی نوسیبوو بەهەندێك شتی تریشەوە، هەروەها لەبەرچاونەگرتنی مەرجی "بونی بڕوانامە" بۆ سەرۆكی هەرێم لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی سیاسی حزبیی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەم قۆناغەدا سازشی زۆرمان بۆ پارتی كرد و لەهەندێك مەرج خۆش بوین، بەڵام رەنگە لەپێناو ئەوە بێت سەرۆك بێت لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت تا نوسینەوەی دەستور".
وتوشیەتی "ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدمان نابێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵام ئەگەر كاندیدەكەی پارتیمان لەسەر بنەمای رێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان و پارتی پێ باش بوو، دەنگی پێدەدەین، بەدڵنیایی ئێمە ئیلتیزامی تەواو بە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی دەكەین، لەم قۆناغەدا تاكە كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی-یە هەر ئەویش دەبێتە سەرۆكی هەرێم، چونكە دڵنیام دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران دەهێنێت، جا لەبری ئەوەی ئێمە بیر لەو شتە سادانە بكەینەوە، پێموایە دەبێت داوا لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بكەین ژیانی خەڵك خۆش بكەن و كار بۆ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان بكەن، هەروەها بارودۆخی كوردستان چاك بكەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group