مخیتاریان بەهۆكاری ئەمنی بەشداری یاریی كۆتایی یورۆپا لیگ ناكات

21/05/2019 وەرزش

نەوا
یانەی ئەرسیناڵی ئینگلیزی رایگەیاند، هنریك مخیتاریان لە یاریی كۆتایی خولی ئەوروپی "یورۆپا لیگ" ئامادەنابێت، كاتێك لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان بەرانبەر چێڵسی دەوەستنەوە.
بڕیارە شەوی 29ی ئەم مانگە ئەرسیناڵ و چێڵسی لەنێو خاكی ئازەربایجاندا بەرانبەر یەك بوەستنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەیوەندی نێوان ئەو وڵاتە و ئەرمینیای دراوسێی خراپە، بۆیە مخیتاریان یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرمینیا و تۆپچیەكانی لەندەن ناتوانێت ئامادەبێت.
لەوبارەیەشەوە ئیدارەی ئەرسیناڵ بەیاننامەیەكی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا هاتوە "بەشێوەیەكی تەواوەتی هەموو بژاردەكانی تایبەت بە میكی (مخیتاریان)مان تاووتوێكردوە تا لەچوارچێوەی پێكهاتەكەماندا بێت، بەڵام پاش گفتوگۆكردن لەگەڵ خۆی و خانەوادەكەی، بەكۆی دەنگ رێككەوتین لەسەرئەوەی گەشت نەكات لەگەڵماندا".
هەروەها لەسەر ئەو دۆخە نوسراوێكیان ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا كردوە و نیگەرانی قوڵی خۆیان خستوەتەڕو، چونكە مخیتاریان یاریزانێكی گرنگ بوە بۆ گەیشتن بە یاری كۆتایی، بۆیە ئەرسیناڵ پێیوایە شكستێكی گەورەیە بۆیان.
زۆر بە دەگمەن رویداوە یاریزانێك بەهۆی دۆخی سیاسی و پەیوەندی خراپی دیپلۆماسی نێوان دوو وڵات لە یاری تۆپی پێ بێبەش ببێت.
لەم وەرزەدا مخیتاریان 39 یاری لەگەڵ ئەرسیناڵ لەسەرجەم پێشبڕكێكاندا كردوە و شەش گۆڵیشی كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group