سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە

22/05/2019
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی

نەوا-كاروان مەحمود 
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان لە بەردەوامی چاودێریكردنی بازاڕەكان، ئەوەش دەڵێت: "لیژنەكانمان چاودێریەكانیان زیاد دەكەن و رێگری لە گۆڕانكاری نرخەكان دەكەین".
گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، سەرجەم پلانەكان كە دانرابوون بۆ رێگریكردنی لەبەرزبوونەوەی نرخەكان لە رۆژانی رەمەزاندا بەسەركەوتووی جێبەجێكراوەو بەردەوام لیژنەكانمان چاودێری نرخەكان و كوالێتی پێداویستی هاووڵاتیان لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی دەكەن.
وتیشی: "بەدڵنیاییەوە بۆ نزیكبوونەوەی جەژنی رەمەزان و كرانەوەی بازاڕەكان بەشەواندا بەرنامەی تایبەتمان هەیەو لیژنەكانمان شەوان لەناو بازاڕەكان چاودێری نرخەكان دەكەن و تاوەكو درەنگانی شەو لە كارەكانیان بەردەوامدەبن و رێگری دەكرێت لە گرانفرۆشی".
گۆران قادر داواشیكرد، خاوەن دوكانەكان پابەندی نرخەكان ببن و قەرەباڵغی بازاڕەكان نەكەنە دەرفەتێك بۆ گرانكردنی نرخی كەلوپەلەكانیان و فرۆشتنی خواردن و پێداویستی ماوە بەسەر چوو، چونكە لەهەرشوێنك كارێكی لەوجۆرە بكرێت رێكاری یاسایی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر".  
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی هاووڵاتیانیشی ئاگادار كردەوە بەوەی، خواردن و پێداویستی بەپێی پێویست بكڕن و لە كاتێكی دیاریكراو خواست لەسەر شتێكی تایبەت نەبێت و فشاری زۆر نەخرێتە سەر بازارەكان، چونكە هەموو ئەوانە هۆكار دەبن بۆ گرانكردنی نرخەكان و دەبێتە دەرفەتێكیش بۆ بازرگانەكان تاوەكو نرخەكان زیاد بكەن، ئەوەشی وت: "لە هەرشوێنێك گۆڕانكارییەك لە نرخەكان رویدابوو یاخود كارێكی نایاسایی بەدی كرا داوادەكەین هاووڵاتیان لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت ئاگادار بكەنەوە تاوەكو بەدواداچوونی پێویستی بۆ بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group