ئێران.. ژمارەی قوربانیانی گەردەلول و لافاو گەیشتە 24 كەس

23/05/2019 جیهان
بەهۆی گەردەلوولەوە لافاو دروست بووە

نەوا

بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕ و گەردەلولەی لە رۆژی هەشتی ئەم مانگەوە 18 پارێزگای ئێرانی گرتۆتەوە، 24 كەس گیانیان لەدەستداوە و 55ی دیكەش برینداربوون.
لەوبارەیەوە موجتەبا خالیدی وتەبێژی فەرمانگەی باری لەناكاوی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕە و گەردەلولەی لە هەشتی ئایارەوە بەردەوامە، 18 پارێزگای وڵاتەكە زیانیان پێگەیشتوە و دەیان قوربانیش هەن.
موجتەبا خالیدی لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە چوار كەس لە قوربانییەكان بەهۆی گیرۆدەبونیان لەناو ئاوی لافاو و 20ی دیكەیشیان بەهۆی لێدانی هەورەبروسكەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەن خۆیەوە مورتەزا سەلیم بەڕێوەبەری بەشی رزگاركردن و فریاگوزاری مانگی سوری ئێرانی رایگەیاندوە، بەردەوامن لە گەیاندنی هاوكاری بە 83 شار و گوند، كە كەوتونەتە ژێر كاریگەری هەلومەرجی سەختی كەشوهەواوە. وتیشی "لەو میانەیەدا تاكو ئێستا هاوكاری گەیەندراوەتە دوو هەزار و 50 كەس".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group