"ژمارەی گەشتیاران لە جەژندا دەگاتە 250 هەزار گەشتیار"

09/06/2019

نەوا
نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان چاوەڕوانییەكانیان لەبارەی هاتنی گەشتیار  بۆ هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێم ئاشكرا دەكات و دەڵێت "رەنگە لە 250 هەزار گەشتیار تێپەڕێت".
لە میانی رۆژانی جەژنی رەمەزاندا ژمارەیەكی زۆری گەشتیار روویان لە هاوینەهەوارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەوتەی بەرپرسانی گەشتوگوزاری هەرێم ژمارەی گەشتیاران زۆر زیادی كردووە.

لەوبارەیەوە نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت "بەشێوەیەكی گشتی ئاستی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو باشتر دەڕوات و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆوە دەبینێت لە هەموو روویەكەوە، جا لە رووی زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانەوە بێت یاخود لە رووی زیادبوونی شوێن و كوالێتی و دابینكردنی خزمەتگوزاری باشتر و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی دیكە، كە پەیوەستن بە گەشتوگوزارەوە".

نادر رۆستی لە بارەی ئاماری گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزانیشدا وتی "بەپێی ئامارەكانی ئێمە، تا رۆژی دووەمی جەژن 145 هەزار گەشتیار بوە، چاوەڕوان دەكەین لە ئاماری كۆتاییدا، كە لەم یەك دوو رۆژەدا بڵاودەكرێتەوە، ژمارەی گەشتیارانمان لە 250 هەزار گەشتیار تێپەڕیبێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، زۆربەی گەشتیاران لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقەوە هاتوون، بەشێكی دیكەشیان لە ئێران و بەشێكی كەمیشیان لە توركیاوە بۆ گەشت هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.

لە ناوچەی هەورامان بە گشتی و هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا بە تایبەتی لە میانی ئەم رۆژانەدا ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری لەخۆگرتووە، بەشی زۆری ئەو گەشتیارانەش لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقەوە دێن.
بەرپرسانی گەشتوگوزاری ناوچەكەش دەڵێن، ئامادەكاری پێویستیان كردووە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران و لەخۆگرتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار.

هەر لەو چوارچێوەیەدا محەمەد رافع، كە گەنجێكی دانیشتووی شاری بەغدایە و بەگرووپ لەگەڵ كۆمپانیایەكی گەشتیاری لە رۆژانی جەژنی رەمەزان هاتووەتە هەرێمی كوردستان، دەڵێت "لە میانی رۆژانی پشووی جەژن لە بەغداوە هاتووینەتە سلێمانی، دواتر بۆ هاوینەهەوارەكانی هەورامان بە تایبەتی ئەحمەد ئاوا و كاتێكی خۆشمان بەسەربردووە، دواتریش بەرەو هەولێر بەڕێدەكەوین و سەردانی هاوینەهەوارەكانی ئەو ناوچەیەش دەكەین".

لەئێستادا كە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان بۆ سەروو 40 پلە بەرزبونەتەوە، هاووڵاتیان بۆ دوركەوتنەوە لە گەرما و وەرگرتنی پشوو، سەردانی هاوینە هەوارەكان دەكەن و قەرەباڵغییەكی زۆریان پێوەدیارە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group