ژمارەی نێر و مێ‌ لەسەر زەوی ئاشكرا دەكرێت

15/06/2019 هەمەڕەنگ

نەوا – دانیار فاروق
هۆبەی دانیشتوانی زەوی لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەراپۆرتێكدا راستی ژمارەی دانیشتوانی زەوی لەنێوان رەگەزی نێر و مێ‌ ئاشكرادەكات.
دوای ئەوەی رۆژنامەیەكی نەیجیری بڵاویكردبۆوە، كەوا لە كۆی ژمارەی دانیشتوانی زەوی 2.2 ملیار كەسیان لە رەگەزی نێرن و 5.6 ملیار لە رەگەزی مێن، ئەمەش وایكرد نەتەوەیەكگرتووەكان بێتە سەر خەت و راستەوخۆ لەرێگای هۆبەی دانیشتوانی رێكخراوەكەوە راپۆرتێك دروست لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی بڵاوبكاتەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەو راپۆرتەی نەتەوەیەكگرتووەكان داوەو ئاشكرایكردووە، كە نوێترین ئامار دەریدەخات 3.82 ملیار لەڕەگەزی مێ‌ بوونی هەیەو هاوكات رەگەزی نێریش 3.89 ملیار دەبن لەسەرە زەوی، بەمەش جیاوازیەكی كەم هەیە لەنێوان رەگەزی نێر و مێ‌ لەسەر زەوی.
ئەو راپۆرتەی رۆژنامە نەجیریەكە بەناوی (دەیلی ئیندیپێندیت) كە رۆژنامەیەكی بە برەوە لەنێو چینی پیاوانی خاوەنكار و نوخبە سیاسییەكاندا لەو وڵاتە، ئاماژەی بەوەكردبوو كەوا 7.8 ملیار مرۆڤ لە جیهاندا بوونیان هەیە.
هاوكات راپۆرتەكەشیان ئەوەشی ئاشكراكردبوو، كەوا یەك ملیار مرۆڤ هاوسەرگریان كردووە و130 ملیۆن مرۆڤیش لە زیندانەكاندان لەسەرانسەری جیهاندا، هەروەها 70 ملیۆن مرۆڤیش بە نەخۆشییەكانی مێشك و دەروون دەناڵێنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group