بەرپرسێكی پارتی لە موسڵ: هاووڵاتیان لە دۆخێكی مەترسیدار دەژین

17/06/2019 عێراق
سەعید مەموزینی بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی لە پارێزگای موسڵ رایدەگەیەنێت، هاووڵاتیانی موسڵ لەدۆخێكی خراپدا دەژین و هەندێكیان ناوچەكە جێدەهێڵن و جموجوڵی چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەك بە ئاشكرا بەدی دەكرێت.
سەعید مەموزینی بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای موسڵ بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دۆخی هاووڵاتیانی موسڵ ناجێگیرەو لە مەترسیدا دەژین و جموجوڵی چەكدارانی داعش لە موسڵ و دەوروبەری موسڵ بە ئاشكرا دەبینرێت بەتایبەت لەناوچەكانی بەعاج، شەرگات و ناوچە سنوریەكانی سوریاو عیراق.
وتیشی: "هاووڵاتیانی موسڵ لەئێستادا ناوچەكە جێدەهێڵن و ئەوانەشی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون ناگەڕێنەوە چونكە دەزانن دۆخی ئەمنی موسڵ ناجێگیرەو رۆژانەش پێشێلكاری ئەمنی دەبینرێت بەتایبەت لەلایەن حەشدی شەبەك لەناوچەكە".
سەبارەت بەداواكارییەكی پێشتری جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە، سەعید مەموزینی بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای موسڵ بۆ نەوا وتی: "پارێزگارو جێگری پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاش داوای گەڕانەوەی سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە دەكەن بەڵام لە ئێستادا دەسەڵات لەموسڵ لەدەستی مەدەنی نییەو لەدەستی حەشدی شەعبییە".
ئەوەشی راگەیاند، بەپێی یاسا دەبێت سوپای عیراق، هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە پێكەوە ئیدارەی پارێزگاكە بكەن تاوەكو ئەوەش جێیبەجێ نەكرێت دۆخی ئەمنی لە موسڵ و ناوچەكانی دیكە جێگیر نابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group