مەترسییەك لەسەر باشوری كوردستان ئاشكرا دەكرێت

17/06/2019
محەمەد ئەمین پێنجوێنی نوسەرو سیاسەتمەداری كورد

نەوا-كاروان مەحمود 
سیاسەتمەدارێكی دیاری كورد دەڵێت: "توركیا هەنگاوی یەكەمی ناوە بۆ داگیركردنی بەشێك لە باشوری كوردستان و پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان و مەجلیسی ئەمن لەو سنور بەزاندنانەی توركیا ئاگادار بكرێنەوە".
محەمەد ئەمین پێنجوێنی نوسەرو سیاسەتمەداری كورد بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هێرشی زەمینی سوپای توركیا بۆ خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامەو نزیكەی 25 بۆ 30 كیلۆمەتر بە قوڵایی هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیش ئەمە پێشێلكردنی سیادەی عیراقەو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانیش ئاگادارن، تەنها رێگا چارەش ئەوەیە حكومەتی عیراق داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان بكات بۆ كۆبوونەوەی مەجلیسی ئەمن تاوەكو بزانرێت ئەم سنور بەزاندنەی توركیا بۆچی و تاكەی دەبێت بە بیانوی بوونی پەكەكە.
وتیشی: "بەبۆچوونی من ئەمە هەنگاوەی یەكەمی توركیایە بۆ داگیركردنی بەشێك لە باشوری كوردستان، چونكە ئەو هێزانە لەگەڵ خەڵكی گوندەكان كۆبوونەتەوەو داوای هاوكاریان لێكردون و پێیان راگەیاندون ئێمە ناگەڕێینەوەو لێرە دەمێنینەوە".
محەمەد ئەمین پێنجوێنی نوسەرو سیاسەتمەداری كورد بۆ رادیۆی نەوا وتیشی: "پەكەكە نزیكەی 30 ساڵە لەو ناوچانە بونیان هەیە شەڕوانانی پەكەكە شەڕی پارتیزانی دەكەن هاتنی سوپای توركیاو بەزاندنی خاكی هەرێمی كوردستان بەدوای پەكەكە نییەو ئێمە چەندجار وتومانە دەوڵەتی ئیقلیمی هەرچوار دەوڵەتی داگیركەری كوردستان پەیمانێكی نهێنییان هەیە بۆ بچوككردنەوەی پرۆسەی سیاسی كورد لە هەموو پارچەكانداو بەجیاواز پیلانی بۆ دادەنێن و كاری لەسەر دەكەن و گەمارۆی ئەو پرۆسە سیاسییە دەدەن كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە".
راشیگەیاند، "كارتی كورد لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەكان و دەوڵەتە ئیقلیمیەكان بەكار دەهێنرێت بۆ بەرژوەندی سیاسەتی خۆیان، توركیا دەیەوێت كێشەكانی ناوخۆی بخاتە دەرەوەو جارێك هێرشدەكاتە سەر رۆژئاواو جارێكی دیكە بۆ باشوری كوردستان، خۆ داگیركردنی عەفرین پەكەكەی لێ نەبوو دەستیان كردووە بە تەتریك و دەڵێن ئەمە پارچەیەك بووە لە توركیا لە زەمانی عوسمانی".
وتیشی: "توركیا خەون بەوەوە دەبینێت لە باشوری كوردستان كە تاوەكو كەركوك هێرش بكەن و نەوتی كەركوك بخەنە ژێر سیاسەتی ئیكۆنۆمی خۆیان ئەوەش نە بەعیراق و نە بەهەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت، دەبێت لە چوارچێوەی مەجلیسی ئەمن و نەتەوەیەكگرتووەكان هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group