خانمێكی كورد دەبێتە باڵیۆزی ئەمریكا لە بولگاریا

19/06/2019 جیهان

نەوا
كوردێكی دانیشتوی ئەمریكا بۆ یەكەمجار لە مێژووی وڵاتەكەدا دەبێتە باڵیۆز و روو لە ئەوروپا دەكات.
بەگوێرەی بڕیارێكی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا كوردێك بە ناوی هێرۆ قادر محەمەد ئەمین مستەفا وەك باڵیۆزی ئەمریكا لە كۆماری بولگاریا دەستنیشانكرا.
هێرۆ قادر خەڵكی هەولێرە و چەندین بەرپرسیارێتی لە حكومەتی ئەمریكادا هەبووە. لە ساڵی 2016 لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە پورتوگال كاری كردوە و راوێژكاری سیاسی بووە لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە هیندستان.
هەروەها لە ساڵانی 2009 بۆ 2011 راوێژكاری جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا بوە بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاست و باشوری ئاسیا.
ئەو خانمە كوردە یەكێك بووە لەوانەی لە نزیكەوە چاودێری دانوستانەكانی گروپی 5+1ی لەگەڵ ئێران كردووە. لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكاش بەڕێوەبەری كارەكانی ئێران، ئیسرائیل – فەڵەستین و ئوردن بووە. لە ساڵی 2005 بە ئەركێكی سیاسی لە شاری موسڵ كاری كردووە و چەند بەرپرسیارێتییەكی سیاسی لە لوبنان و یۆنان و ئەفغانستانیش هەبوە.
ئەو دیپلۆماتكارە كوردە ئەمریكییە، جیا لە زمانی كوردی و ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، یۆنانی، هیندی و پورتوگالی دەزانێت و لە زانكۆی پرینستۆن ماستەری لە خزمەتگوزاری سیاسەتی دەرەوە بەدەستهێناوە.
هێرۆ مستەفا لەدایكبوی ساڵی 1973ی شاری هەولێرە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group