مەشعان جبوری: بەرهەم ساڵح نەبوایە كارەسات رویدەدا

20/06/2019 عێراق

نەوا
مەشعان جبوری پەرلەمانتاری پێشووی عیراق دەڵێت "مافیاكان و گەندەڵكاران لە بەڕێوەبەرایەتی خانوبەرەی دەوڵەت و شارەوانی دۆرە چەندین مانگە هەوڵدەدەن دەستبەسەر زەویەكەمدا بگرن و پەنایان بۆ هێزی سەربازی برد، ئەگەر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار دەستوەردانی نەكردایە ئەوە كارەسات رویدەدا".
جبوری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "هەندێك ماڵپەڕ گرتەی ڤیدیۆیی منیان بڵاوكردەوە، كە بەرپەرچی هێزێكی ئەمنی دەدەمەوە گوایە هەوڵیانداوە خانو و زەویەكەم لێبستێنن، كە حكومییە و 15 ساڵە من بە سەرپێچی لەناویدام، بەڵام ئەوە دەیەم جارە پەڕاو ساختەدەكرێت، ئەو زەویانە لە دۆرە موڵكی منە و لایەنێك دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت، لەكاتێكدا موڵكی دەوڵەت نین و تەنها رۆژێكیش لەناو موڵكی دەوڵەتدا نەبووم".
بەوتەی مەشعان جبوری، ئەو گەندەڵ و مافیایانە پەنایان بۆ هێزی سەربازی بردوە و پاسەوانی سەرۆكایەتیان بردوە و چونەتە ناو زەویەكەیەوە و پاسەوانەكانی دەركراون و ماڵەكەیان تێكداوە، بەڵام دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئاگاداركردوەتەوە، دەستوەردانی كرد و رێگەی لە كارەساتێك گرت، كە خەریكبو رووبدات لەكاتی بەرگریكردن لە زەویەكەی، بەڵگەنامەشی هەیە كە ئەو زەویە هی خۆیەتی و سەرپێچی نییە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group