عەتا سەراوی: دوژمنەكانمان نەنوستون، ئەوە ئێمەین بێ ئاگاین

20/06/2019
عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

نەوا
عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت "بەداخەوە بەشێك لەو راگەیاندنانەی هەڵایەكی گەورە لەسەر لێدوانی بەرپرسێك دروست دەكەن، دەستی دوژمنانی گەلەكەمانی تێدایە، لە ئیتڵاعاتی ئێران و میتی توركی و حوكمڕانەكانی ئێستای عیراقیش، خۆ دۆستی ئێمە نین".
لەبارەی لێدوانە توندەكانی چەند رۆژی رابردوی بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی و پارتی، رۆژی پێنجشەممە عەتا سەراوی لەبەرنامەی "ئاراستە"ی رادیۆی نەوادا وتی "دوژمنەكانمان نەنوستون، ئەوە ئێمەین بێ ئاگاین، بۆیە دەبێت ئاگامان لەماڵی خۆمان بێت و ئەو جۆرە كەسانە سەركۆنە بكرێن لە هەر لایەنێك بن".
هاوكات د.ساڵح عومەر پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەكەدا ئاماژەی بەوەدا كە "هەر جۆرە قسەیەكی ناشرین بە كەسایەتییە سیاسییەكان دەتوانێت هەستی لایەنگرانی ئەو حزبە بشكێنێت".
وتیشی "تەنها لە وتارێكدا ناوی مام جەلال نەهاتوە، یەكێتییەكان ناڕەحەت بون، جا ئەگەر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی بێت و قسە بە مام جەلال بڵێت، دەبێت پەرچەكرداریان چۆن بێت؟".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group