"لە ئەگەری رودانی شەڕ لەنێوان ئەمریكاو ئێران، عیراق دەكەوێتە بارودۆخێكی زۆر سەخت"

24/06/2019 عێراق
مەیادە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نەوا-كاروان مەحمود 
لە رۆژانی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە داواكراوە حكومەتی عیراق ئامادەكارییەكانی بۆ ئەگەری روبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریكاو كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرا بكات و هاوشێوەی وڵاتانی دیكە ئامادەكاری بۆ داخستنی سنوربكات ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت، تائێستا حكومەتی عیراق بەفەرمی وەڵامی نەداوەتە.
مەیادە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، تائێستا وەڵاممان نەدراوەتە سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی عیراق بۆ ئەگەری رودانی شەڕ لەنێوان ئەمریكاو ئێران، ئەوەشی وت: "هەوڵەكان لەلایەن عیراقەوە بەردەوامە بۆ گفتوگۆكردن لەنێوان ئێران و ئەمریكا تاوەكو دۆخی ناوچەكە ئاڵۆز نەبێت و شەڕ روونەدات".
سەبارەت بە ئەگەری رودانی شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریكاو مەترسییەكانی بۆ سەر ئابوری لە عیراق، مەیادە محەمەد ئەندامی لیژنەی ئابوری وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا وتی: "بە بۆچوونی من عیراق دەكەوێتە بارودۆخێكی زۆر سەخت بەهۆی ئەوەی سنورێكی دورو درێژمان لەگەڵ ئێران هەیە، بێگومان كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ئێستادا جەختی لەسەر عیراقە تاوەكو دۆخەكە بۆ خۆی بقۆزێتەوەو خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە رونەدات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group