ترامپ خامنەییشی خستە لیستی سزاكانەوە

24/06/2019 جیهان

نەوا

سەرۆكی ئەمریكا لە كاردانەوەی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی وڵاتەكەی لە لایەن ئێرانەوە، سزاكانی سەر ئەو وڵاتەی توندتر كردەوە و عەلی خامنەیی كەسی یەكەمی ئێرانیشی خستە لیستی سزاكانەوە.
رۆژی دووشەممە وەك پێشتر رایگەیاندبوو، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا سزای نوێ بەسەر تاراندا سەپاند و رایگەیاند ئەو هەنگاوەی لە دژی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی وڵاتەكەی لە لایەن ئێرانەوە گرتوەتەبەر.
ترامپ باسی لەوەشكرد، سزاكان عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئایینی ئێران و نوسینگەكەی دەگرنەوە و جەختیشی كردەوە كە توندكردنەوەی فشارەكانی سەر ئێران بەردەوام دەبێت.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، بە پشوودرێژیەوە مامەڵەیان لەگەڵ كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەیان كردووە، بەڵام لەداهاتوودا و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پێشهاتێكی لەو چەشنە هەڵوێستی جیاوازتریان دەبێت.
لای خۆیەوە ستیڤ منوچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، هەر یەك لە عەلیرەزا تەنگیسەری، فەرماندەی هێزی دەریاوانی، ئەمیر حاجی زادە فەرماندەی هێزی بەرگری ئاسمانی و محەمەد پاكپور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانیش لە لیستی سزاكاندان و دەست بەسەر دەیان ملیار دۆلاری ئێراندا دەگیرێت.
ئاشكراشی كرد، هەر لە رۆژانی داهاتوودا ناوی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەچێتە لیستی سزاكانی ئەمریكاوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group