وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق: دزەپێكردنی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە

27/06/2019 عێراق

نەوا
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق ئاشكرایكرد، تائێستاش دزەپێكردنی مێگاكانی ئینتەرنێت لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە و كارەكانیش بۆ رێگریكردن لێی بەردەوامە.
لەوبارەیەوە ئەمیر بەیاتی بریكاری پێشكەوتو بۆ كاروباری هونەری لە وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق بەرۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی وتوە، وەزارەت لەگەڵ دەستەی نەزاهە و دەزگا ئەمنیەكان لەكاری بەردەوامدایە بۆ شكستپێهێنانی پرۆسەی دزەپێكردنی مێگاكانی ئینتەرنێت، كە كاریگەری خراپی لەسەر كوالێتی ئینتەرنێت و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و دەزگاكان هەیە.
وتیشی "هەندێك كۆمپانیا بەردەوامن لەدزەپێكردنی مێگاكانی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستانەوە و شارەزاكانی وەزارەتیش لەكاری بەردەوامدان بۆ دانانی سنورێك بۆ ئەو دزەكردنە".
هەروەها رونیكردوەتەوە، چەندین شوێن ئاشكراكراون كە لە رێگەیانەوە دزە بە ئینتەرنێت دەكرێت، بۆیە وەزارەت پێویستی بەهەوڵی زیاتری لایەنە حكومییەكانە بۆ ئاشكراكردنی ئەو شوێنانە، لەو نێوەندەشدا هەوڵ هەیە بۆ رێگریكردن لە كارەكانی وەزارەت بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، لەكاتێكدا ژێرخانی ئینتەرنێت گەشەی پێدەدرێت و چاودێری خزمەتگوزاری كۆمپانیاكان دەكرێت و هەر كەموكوڕیەك هەبێت، سزا دەدرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group