خانەقین.. ئیمزا بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 كۆدەكرێتەوە

12/07/2019 عێراق

نەوا

بڕیارە لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە لە خانەقین هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی واژۆ بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 و بەمەبەستی دروستكردنی گوشار لەسەر حكوومەتی بەغدا لەو بارەوە دەستپێبكات.
محەمەدئەمین حەسەن، قایمقامی خانەقین لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی پارێزگاری دیالەی كردووە، هاوپێچ دەقی نووسراوێكی ئەنجوومەنی قەزای خانەقینی بۆ ناردووە لەبارەی كۆكردنەوەی واژۆ لەپێناو دروستكردنی گوشار لەسەر حكوومەتی فیدراڵی بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق.
لە نووسراوەكەی ئەنجوومەنی قەزای خانەقیندا، كە واژۆی سەمیر محەمەد نور سەرۆكی ئەنجوومەنەكەی لەسەرە، هاتووە كە بە شێوەی خۆبەخشانە هەڵمەتی كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 ئەنجام دەدەن.
بڕیاریشە لە ڕۆژی شەممەوە هەڵمەتەكە دەستپێبكات بۆ كۆكردنەوەی ئیمزای هاووڵاتیان.
هەر لەمبارەوە مزاحم حویت وتەبێژ بە ناوی عەشیرەتە عەرەبەكانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە، كە لیژنەیەك لە خەڵكی خانەقین پێكهاتووە، كە كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی تریشی لەخۆ گرتووە، دەست بە كۆكردنەوەی ئیمزا دەكەن بۆ دروستكردنی گوشار لەپێناو ناچاركردنی حكوومەتی فیدراڵی بە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group