نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لە سەرهەڵدانی كارەسات لە كەنداو

12/07/2019 جیهان

نەوا

لە دوای بانگەشەی راگرتنی كەشتییە نەوتییەكانی سەر بە بەریتانیا لە كەنداو لەلایەن كەشتییەكانی سەر بە ئێران، نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری ئەوەی دا كە لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر قەیرانێك كارەسات دێتە ئاراوە.
فەرحان حەق وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆبوونەوەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆی، ھەڵسەنگاندنی بۆ بانگەشەی راگرتنی كەشتییە نەوتییەكانی سەر بە بەریتانیا لە كەنداوی بەسڕە لەلایەن سێ بەلەمی سەر بە ئێران كرد. 
حەق ئەوەی بەبیرهێنایەوە كە ئەنتۆنیۆ گۆترێز سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، چەندین جار داوای لەلایەنەكانی كەنداو كردووە كە خۆیان بە دوور بگرن لە هەنگاوەكانی زیاتركردنی گرژی لە ناوچەكەدا و داوای پاراستنی هێمنی كردووە. 
فەرحان حەق وتیشی: "هەر ئەگەرێكی سەرهەڵدانی پێكدادان لە ناوچەكەدا بە كارەسات كۆتایی دێت، هیوادارین گشت وڵاتان هەنگاوی پێویست بهاوێژن لەپێناو رێگری لە شەڕ و پێكدادان".
پێشتر وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاندبوو كە كەشتیەكی جەنگیان هۆشداری داوەتە سێ بەلەمی ئێرانی كە هەوڵیانداوە كەشتییەكی نەوتهەڵگرێكی بەریتانی لە گەرووی هورموز رابگرن.
دوای ئەوەی بەریتانیا لە جەبەل تاریق دەستی بەسەر كەشتیەكی نەوت هەڵگری ئێراندا گرتبوو، بەرپرسانی تاران هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەیان لە بەریتانیا كردبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group