سەرۆك فراكسیۆنی گۆڕان: بڕیاری دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی جێبەجێ ناكرێت

13/07/2019

نەوا
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لە كارەكەی دوردەخرێتەوە و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت:" بڕیاری دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پۆستەكەی جێبەجێ ناكرێت و بەردەوام دەبێت لە ئەركەكەی، ئەو بڕیارەش سەرپێچی یاسایی و سیاسییە".
رێبوار ئەحمەد بازیانی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ میدیای فەرمی بزوتنەوەكەی وتویەتی "یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕونی لە مادەی شەشدا باسی كردوە، دانان ‌و لادانی بەڕێوەبەرە گشتیەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە و بەدەنگی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت و لادانی هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی بەندە بە سێ‌ خاڵەوە، ئەوانیش بریتین لە دەست پیسی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، بەفیڕۆدانی دارایی گشتی، هیچ یەكێك لەو خاڵانەش لە مامۆستا دڵشاد عومەردا نەبوە".
جەختیشیكردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەرپرس نییە و دەسەڵاتی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی نییە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران سەرپێچی یاسای كردوە، ئەو بڕیارە زیادەڕۆیی كردنە لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێداگیری دەكات لەوەی ئەو بڕیارە سەرپێچی سیاسییە لەبەرئەوەی لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانیدا رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی كراوە و رێككەوتنەكەش بەردەوامە و هەڵنەوەشاوەتەوە، ئەو پۆستەش پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە نەك یەكێتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group