بەغدا.. دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەكان

16/07/2019 عێراق

نەوا
لە كۆبوونەوەی نێوان نەوفەل بەها موسا وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق و ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا چۆنیەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر زێدی خۆیان تاوتوێكرا.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە نەوفەل بەھا موسا وەزیری كۆچبەران، پێشوازیكردووە لە باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، ماتیو تولەر و كۆبوونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا وێرای تاوتوێكردنی رەوشی خێزانە ئاوارەكان لە كەمپەكاندا، هەروەها لەبارەی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر زێدی خۆیان گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا هەردوولا بەپێویستیان زانیوە كە هەوڵەكان بۆ بەدیهێنانەوەی سەقامگیری لەناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكاندا زیاتر بخرینەگەڕ بۆئەوەی ببێت بەهاندانێك بەمەبەستی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان بۆسەر زێدی خۆیان.
لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە "لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، رەوشی ئاوارە عیراقییەكان لە كەمپی (هۆل) لە سوریا و چۆنیەتی گەڕانەوەیان بۆسەر زێدی خۆیان خراوەتە بەرباس".
ئاماژە بەوەدەكرێت هێشتا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە كەمپەكاندا ماون و بەهۆی نەبوونی سەقامگیری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاریی نایانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group