"ئاشكرابوونی تەقەكەرەكە، كاردانەوەی توركیا دیاریدەكات"

17/07/2019
رەوا حاجی رۆژنامەنوس و شارەزا لەكاروباری توركیا

نەوا-كاروان مەحمود 
شارەزایەك لە كاروباری توركیا باس لە هەڵوێستی توركیا دەكات لەبەرانبەر تەقەكردن لە كارمەندانی كونسوڵخانەكەی لە هەولێر ئەوەش دەڵێت: "ئەگەر روداوەكە هاوشێوەی كوشتنی باڵیۆزی روسیا بێت لە توركیا، پێیدەچێت توركیا تەنها هەڵوێستی بەرانبەر ئەو كەس و لایەنە هەبێت كە كارەكەی ئەنجامداوە". 
سەبارەت بە تەقەكردن لەكارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر، رەوا حاجی رۆژنامەنوس و شارەزا لەكاروباری توركیا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئەمە بۆ توركیا حاڵەتێكی ئاسایی نابێت چونكە ئەمە كارمەندی نوێنەرایەتی توركیا بووەو وەكو باس دەكرێت لە بەرگریدا نەبووەو بەكەسانەی مەدەنی ئەژمار دەكرێت، لێدوانی توركیاش لەوبارەیەوە ئەوەیە لە نزیكترین كاتدا وەڵامیان دەبێت بەرانبەر بەم هێرشە.
وتیشی: "تائێستا ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە ئاشكرا نەكراون، هەروەها پەكەكە لەزاری بەرپرسێكی خۆیانەوە رایانگەیاندووە كە ئاگادار ئەو هێرشە نین". باسی لەوەشكرد،  دەركەوتنی هێرش بەرەكەو لەئەستۆگرتنی لەلایەن كەسێكەوە كاردانەوەی توركیا دیاریدەكات، بەڵام بەهەرجۆرێك لەجۆرەكان ئەگەری هەیە توركیا كاردانەوەی هەبێت بەهۆی ئەم هێرشەوە.
لەبارەی دروستبوونی گرژی لە پەیوەندیەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و مەترسی لەسەر راگرتنی گەشتەكانی نێوان هەردوولا، رەوا حاجی رۆژنامەنوس و شارەزا لەكاروباری توركیا بۆ رادیۆی نەوا وتی: "وەكو باسم كرد دەكەوێتە سەر ئاشكراكردنی ئەوكەسەی لەپشت روداوەكەوە بووە، چونكە نمونەی پێشتر هەیە كە لەناو ئەنقەرە باڵیۆزی روسیا كوژراو دوای ئەوەی دەركەوت ئەو پۆلیسەی كوشتویەتی پەیوەندی هەبووە لەگەڵ رێكخراوی فەتحوڵڵا گولەن، كەئەمە لە توركیا لە لیستی تیرۆردان و دوای ناردنی وەفدی روسیا بۆ لێكۆڵینەوە ئاشكرابوونی دەركەوت كە مەبەست لەكارەكە تێكدانی پەیوەندی نێوان توركیاو روسیا بووە، ئەگەر تەقەكردن لە كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا لەهەولێر هاوشێوە بێت و مەبەستیان تێكدانی پەیوەندی توركیا و هەرێمی كوردستان بێت پێیدەچێت توركیا هەڵوێستی تەنها بەرانبەر ئەوكەس و لایانانە هەبێت كە كارەكەی كردووە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group