زەریف: پێویستە ئەمریكا دەستبەرداری فرۆشتنی چەك بێت بە هاوشێوەكانی سەدام

17/07/2019 جیهان
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران

نەوا
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەرنامە موشەكیەكەی وڵاتەكەی هێڵی سورە و ئامادە نین دانوستانی لەسەر بكەن، باس لەوەشدەكات كە هەناردەكردنی چەك لە لایەن ئەمریكاوە بۆ وڵاتانی عەرەبی، ئاسایشی كەنداو دەخاتە مەترسیەوە، نەك بەرنامەی موشەكی وڵاتەكەی.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لە كاتی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق وڵاتانی رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی جۆرەها چەكیان دەدایە سەدام و هیچ چەكێكیان بە تاران نەدەفرۆشت، بۆیە ناچار بوون پەنا بۆ بەرهەمهێنانی چەك و پێداویستی سەربازی بدەن.
وتیشی: لەبەر ئەو هۆكارە پرسی بەرنامەی موشەكی و بەرهەمهێنانی كەرەستەی سەربازی لە ناوخۆی ئێران هێڵی سورە و بە هیچ جۆرێك ئامادە نیین دانوستانی لەبارەوە بكەن.
زەریف باسی لەوەشكرد، ئەوەی ئاسایشی كەنداوی خستوەتە مەترسیەوە هەناردەكردنی چەكە لە ئەمریكاوە بۆ وڵاتانی عەرەبی، نەك بەرنامە موشەكیەكەی ئێران و پێویستە واشنتۆن دەستبەرداری فرۆشتنی چەك بێت بە هاوشێوەكانی سەدام حسێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group