سوپای ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە كەنداو

20/07/2019 جیهان

نەوا
فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، وڵاتەكەی بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی كەنداو و رێڕەوە ئاوییەكان، بەنیازە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی گەورە بەناوی گاردیان ئەنجام بدات.
فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەدەكات، ئۆپەراسیۆنی گاردیان، بەمەبەستی پەرەپێدانی چاودێرییە ئەمنییەكان دێت لەرێڕەوە ئاوییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات پاراستنی ئەو كەشتیانەی كە لە ئاوەكانی كەنداو دێن و دەچن، ئەویش لەچوارچێوەی بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانەی چەند رۆژی رابردوو دێت كە لەو ناوچەیە لەبەرامبەر چەند كەشتییەكی نەوت هەڵگر روویاندا، كە دیارترینیان راگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانی بوو لە گەرووی هورمز لەلایەن هێزی دەریاوانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
لەلایەكیترەوە بەپێی هەواڵی میدیاكان زانراوە، كەوا بەڕێكەری كاروبارەكانی ریچارد سپێنسەر وەزیری بەرگری ئەمریكا، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رەوانەكردنی یەكەیەكی سەربازی هێزەكانی مارینزی وڵاتەكەی بۆ ناو خاكی سعوودیە.
لایخۆیەوە واشنتۆن تەئكیكردۆتەوە، كەوا ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئاسایشی دەریاوانیە لەناوچەی كەنداو و هەروەها پاراستنی رێڕەوە ئاوییەكانی كەشتییەكان و كەمكردنەوەی دڵە راوكێی كۆمەڵی نێودەوڵەتی.
لەماوەی كەمتر لە چەند مانگی رابردوودا، دوای ئەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەچوارچێوەی دروستبوونی بارگرژییەكانی نێوان وڵاتەكەی و دەسەڵاتدارانی تاران، چەند كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگری سەربازی رەوانەی ئاوەكانی كەنداو كرد، لەبەرامبەردا حكومەتی تاران هەڵوێستی تووندی نواندو واشنتۆنى بە نانەوەی ئاژاوە لەناوچەكە و كشانەوەی لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە تۆمەتباركردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group