پەرلەمانتارێكی عێراق سیخوڕی ئیسرائیلی لەناو هێزەكانی ئەمریكا ئاشكرادەكات

21/07/2019 عێراق

نەوا
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، كەوا ئیسرائیل دەستی هەبووە لە بۆردوومانكردنی پێگە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەددین.
كەریم موحەمەداوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەراگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەدەكات، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كە لەپارێزگاكانی خۆرئاوای عێراق بوونیان هەیە، لەناویدا ژمارەیەكی بەرچاو ئەندامی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلیان تێدا هەیە"، دەشڵێت" بەئامانج گرتنی بارەگا سەربازییەكانی حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی ئامرلی سەربە پارێزگای سەڵاحەددین، بە فڕۆكەی ئێف 35ی ئیسرائیلی هێرشەكان ئەنجامدراون.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق راشیدەگەیەنێت، لەئێستادا حكومەتی عێراق خاوەندی سیادەیەكی وا بەهێز نیە، تا بتوانێت رێگری لەبوونی ئەو هەموو سیخوڕە بكات، و بەربرگرێت بە دەستتێوەردانە دەركیەكان لە ناو خاكی وڵاتەكەی.
كەریم موحەمەداوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدرێژەی راگەیەندراوەكەیدا نیگەرانی خۆیشی لە حكومەتی عێراق دەربڕیوە، كە نەیتوانیوە قەناعەت بە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكات، تا سوپای وڵاتەكەی بەچەكی پێشكەوتوو و قورس پڕچەك بكات، لەو چوارچێوەیەدا حكومەتی واشنتۆن چەندینجار رەتیكردۆتەوە كە عیراق بە چەكی پێكشەوتوو لەرووی تەكنەلۆژیاوە پڕچەك بكات، بەمەبەستی پاراستنی سەروەری خاكی وڵاتەكەی، ئەوەش بە ئامانجی مانەوەی عێراق لەژێر هێزی سەربازی هەژموونی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
لەلایەكیترەوە باباك تەغافی چاودێر و لێكۆڵەری سیاسی بەڕەگەز ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە، هێزەكانی وڵاتەكەی توانیویانە لەڕێگەی فڕۆكەی شەڕكەری جۆری ئێف 35ەوە، بۆردوومانی بنكە و بارەگاكانی حەشدی شەعبی بكەن لە پارێزگای سەڵاحەددین.
هەفتەی رابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی ئامرلی سەربە پارێزگای سەڵاحەددین رووبەڕووی بۆردومان بوونەوە، دوای ئەوەش حكومەتی عێراقی بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەك بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە چۆنێتی بۆردوومان و هێرشەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group