یەكەم كۆنفرانسی نەوت و غاز و وزە لە كەركوك سازدەكرێت

21/07/2019 عێراق

نەوا
وابڕیارە لە كۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوو، بە بەشداری دەیان كەسایەتی و كۆمپانیای وەبەرهێنان یەكەم كۆنفرانس و پێشانگای نەوت و غاز و وزە لە شاری كەركوك ساز بكرێت.
عەلا ئەسەدی، بەڕێوەبەری رێكخراوی وزەی هەمیشەیی، كە تاكە رێكخراوی ناحكومیی فەرمییە لە عیراق بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی بواری وزە رایگەیاند: پێشتر كۆنفرانسی هاوشێوە لە بەغدا و موسڵ و هەولێر سازكراوە، بەڵام ئەمە یەكەم جارە كۆنفرانسێكی لەوجۆرە لە شاری كەركوك بەڕێوەبچێت، ئاشكراشیكرد كە كۆنفرانسەكە لە 25-26ی‌ ئەیلولی 2019ی بەڕێوە دەچێت و ئامانجیش لێی برەودانە بە وەبەرهێنانی‌ نەوت و غاز لە شاری كەركوكدا.
وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت 83 گەورە كۆمپانیای بواری‌ نەوت و گاز بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا بكەن، لە كۆنفرانسەكە 50 كەسایەتی قسە دەكەن.
باسی لەوەشكرد: بۆ راكێشانی‌ سەرنجی كۆمپانیاكانیش، حكومەتی‌ عیراق لە كۆنفرانس و پێشانگاكەدا یەدەگی 10 ملیار بەرمیل نەوتی‌ كێڵگەكانی كەركوك دەخاتە بەردەم كۆمپانیاكان تا وەبەرهێنانی تێدا بكەن  پەرە بە كێڵگەكانی ئەو شارە بدەن.
بەڕێوەبەری رێكخراوی وزەی هەمیشەیی ئاماژەی بەوەشكرد: سێ وەزیری عیراق بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا دەكەن كە ئەوانیش وەزیرانی نەوت و كارەبا و پلاندانانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group