توركیا هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ى سه‌ربازى له‌ رۆژئاواى كوردستان ده‌كات

22/07/2019 عێراق

نه‌وا
مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى سه‌ربازى له‌ناو رۆژئاواى كوردستان ده‌كات ئه‌گه‌ر ناوچه‌ى ئارام له‌ باكورى سوریادا دروست نه‌كرێت.
ئه‌مڕۆ چاوشئۆغڵو له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى "تى.جى.ئاڕ.تى خه‌به‌ر"ی توركیا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ناوچه‌ى ئارام له‌ باكوری سوریادا دروست نه‌كرێت و هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر توركیا به‌رده‌وام بن، ئه‌وا پرۆسه‌ى سه‌ربازى له‌ خۆرهه‌ڵاتى فورات ئه‌نجامده‌ده‌ن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، هیواخوازن دواى گفتوگۆكانى رۆژى دووشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ جه‌یمس جێفرى نێرده‌ى ئه‌مریكا تایبه‌ت به‌ سوریا سه‌باره‌ت به‌ناوچه‌ى ئارام بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.
له‌ئێستادا توركیا و ئه‌مریكا له‌گفتوگۆدان سه‌باره‌ت به‌دروستكردنى ناوچه‌ى ئارام له‌سه‌ر سنوره‌كانى توركیا له‌ باكورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا، كه‌ له‌و ناوچه‌دا هێزه‌ كوردستانییه‌كانى بونیان هه‌یه‌ و ئه‌مریكا پشتگیرییان ده‌كات و توركیاش به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشكردنه‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group