فەرماندەیەكی باڵای ئەمریكی گەیشتە رۆژئاوای كوردستان

22/07/2019 جیهان

نەوا
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەڕەشەكانی توركیا بۆ پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان، فەرماندەیەكی باڵای ئەمریكی سەردانی ئەو بەشەی كوردستان دەكات و لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی كۆدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە كێنت مەكنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ویلیام روباك نوێنەری تایبەتی ئەو وڵاتە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش سەردانی رۆژئاوای كوردستانیان كرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) كۆبوونەوە.
مستەفا بالی بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: لە كۆبوونەوەكەدا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و بەردەوامیدان بە بەرەنگاربوونەوەی داعش باسیان لێكراوە.
لەلایەكی ترەوە، جەیمز جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا بەسەردانێك لە ئەنقەرەیە و بڕیارە لەو سەردانە دوو رۆژەیدا چەند پرسێكی پەیوەست بە سوریا لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە تاوتوێ بكات.
ئەو سەردانانە دوای ئەوە دێن كە بەرپرسانی توركیا جارێكی تر هەڕەشەی پەلاماردانی رۆژهەڵاتی فوراتیان كردبوو.
لە رۆژانی رابردووشدا هەر پەیوەست بەو هەڕەشانە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا توركەكەی جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانی كردن و پارێزگاری كردن لە هاوبەشە هەرێمیەكانیان لە شەڕی داعش كردبوەوە، كە مەبەست هێزەكانی سوریای دیموكراتیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group