ڕوانگە: بەهۆی شەڕ و پێكدادانەوە لە باكووری ڕۆژئاوای سوریا 60 كەس كوژران

14/08/2019 جیهان

نەوا
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە لەنێوان هێزەكانی حكومەتی سوریا و گروپە چەكدارییە جیهادییەكانی باكووری ڕۆژئاوای سوریا بەلایەنی كەمەوە 60 كەس كوژراون.
لەكۆتای مانگی چوارەوە پارێزگای ئیدلب و ناوچەكانی دەوروبەری ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەكانی حكومەتی سوریا و فڕۆكە ڕوسییەكان بوونەتەوە، ئەمەش هاوكات لەگەڵ ئەو شەڕ و پێكدادانە توندانەی كە لەمدواییانەدا لە ناوچەكەدا دەكرێت، گروپی هەیئەی تەحریر شام كە پێشتر بە بەرەی نوسڕە ناسرابوو بەشێكی زۆری ئیدلب و دەوروبەری لەژێر دەستدایە و لەو ناوچانەدا گروپە ئیسلامییەكان و ئۆپۆزسیۆنیشیان تێدایە كە دەسەڵاتیان كەمترە.
بەیانی ڕۆژی سێشەممە شەڕ و پێكدادانێكی توند لە شارۆچكەیەكی لە ئیدلبی باشوور دەستیپێكرد، بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ 20 چەكداری گروپەكان كوژراون و زۆربەیان چەكدارانی تەحریر شام بوون، هەروەها 23 كەسیش لە هێزەكانی حكومەتی سوریا كوژراون.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە لازقییەی تەنیشت ئیدلب شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان دوو لایەنەكە لە ناوچەی شاخی كوردان 10 چەكداری گروپە جیهادییەكان كوژران و شەش كەسیش لە هێزەكانی حكومەتی سوریا كوژراون.
ڕوانگەی سوری وتی ئەم شەڕ و پێكدادانانە هاوكاتن لەگەڵ بۆرودمانكردنی ناوچە دوورە دەستەكانی ئیدلبی باشوور و لازقییەی باكوور و حەمای باكوور. هێرشە ئاسمانییەكانی ڕوسیا ڕۆژی سێشەممە بوونە هۆی كوژرانی شەش هاووڵاتی مەدەنی لەنێویاندا سێ كەس لە خان شیخۆن و سێ كەسی دیكەیان لە گوندی ساڵحییەی باشووری ئیدلب بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group