"پزیشكی ئەشكەنجەدان"ی سەردەمی سەدام حسێن مافی مانەوەی لە بەریتانیا پێدەدرێت

18/08/2019 جیهان

نەوا
پزیشكێكی عیراقی سەردەمی سەدام حسێن، كە تۆمەتبارە بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی، مافی مانەوەی لە بەریتانیا پێدەدرێت و دادگاش گەیشتە ئەو بڕوایەی پزیشكەكە هیچ بژاردەیەكی لەبەردەمدا نەبوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی "تێلیگراف"ی بەریتانی، پزیشكەكە (بێ ئەوەی ناوی بهێنرێت) تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی دژبە مرۆڤایەتی پاش ئەوەی ئەو زیندانیانەی چارەسەركردوە، كە ئەشكەنجەدراون تا بەرگەی ئازاردانی زیاتر بگرن.
پزیشكەكە تەمەنی گەیشتوەتە (54 ساڵ) و دوو بژاردەی لەبەردەمدا بوە، یان ئەوەتا چارەسەری زیندانییەكان بكات بۆئەوەی بەرگەی ئەشكەنجەی زیاتر بگرن، یاخود ئەوەتا دەستبەرداریان بێت تا ئازاربچێژن و بەهۆی برینەكانیانەوە بمرن.
هەرچەندە سەرەتا داواكارییەكەی بەهۆی كاركردنی لە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی سەربە سەدام حسێن رەتكراوەتەوە، بەڵام دادگای پێداچونەوەی بەریتانیا گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەرئەوەی پزیشكەكە ئەشكەنجەی زیندانیكراوەكانی دابێت یاخود بەشداربوبێت لە ئەشكەنجەدانیان.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، پزیشكەكە ساڵی 1995 عیراقی بەرەو لیبیا بەجێهێشتوە، پاشان لە مانگی 1ی ساڵی 2000دا رووی لە بەریتانیا كردوە و تا ساڵی 2007 چاوەڕێی كردوە و ئەوكات داوای مافی پەنابەری كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group