عیراق: بەدواداچونی تەواو بۆ بابەتی لێدانی ژنێكی عیراقی لە ئێران دەكەین

22/08/2019 عێراق

نەوا
دوای ئەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی ژنێكی عیراقی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، كە دەوترێت لە فڕۆكەخانەیەكی ئێران لێی دراوە، وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە دەكەن و داواش لە دەوڵەتانی جیهان دەكات بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ عیراقییەكاندا بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، بەگرنگییەكی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ كەیسی ئەو هاووڵاتییە عیراقیە دەكەن، كە لەفڕۆكەخانەی مەشهەد لەلایەن ئەفسەرێكی ئێرانییەوە لێی دراوە.
رونیشكراوەتەوە، عیراق بە رێز و هەموو بەها مرۆییەكانەوە لەگەڵ گەشتیارانی وڵاتانی جیهاندا مامەڵە دەكات، بۆیە داوا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان دەكەن بەهەمان شێوە لەگەڵ گەشتیارانی عیراقیدا مامەڵە بكەن.
پێشتر وێنەو گرتەی ڤیدیۆیی ژنێكی عیراقی خەڵكی شاری نەجەف بڵاوكرایەوە، كە لە فڕۆكەخانەی مەشهەد لەلایەن ئەفسەرێكی ئێرانییەوە بە بۆكس لێی درابوو.
لای خۆیشیەوە ئەو ژنە ئاماژەی بەوەدابوو "رۆژی 18ی ئەم مانگە لەنێو فڕۆكەخانەدا ئەفسەرە ئێرانییەكە بۆكسێكی لێداوە و كەوتوە بە زەویدا، هیچ كەسێكیش ئامادەیی تێدا نەبو بیوەستێنێت و نەهێڵێت بەردەوام بێت لەلێدانی".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group