ئەمریكا: هەسەدە سەنگەرەكانیان دەڕوخێنن

24/08/2019 جیهان

نەوا
فەرماندەیی هێزە ناوەندییەكانی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، هێزەكانی سوریای دیموكراتیك "هەسەدە" سەنگەرەكانیان دەڕوخێنن و وەزیری بەرگریی توركیا و ئەمریكاش هاوڕان لەسەرئەوەی قۆناغەكانی ناوچەی ئارام لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا دەستپێبكات. 
لەوبارەیەوە فەرماندەییەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، رۆژی 22ی ئاب لە ماوەی  24 كاتژمێری دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی بەرگریی ئەمریكا و توركیا سەبارەت بە ئاسایش لە باكووری خۆرهەڵاتی سووریا، هەسەدە سەنگەرە سەربازییەكانی تێكداوە، ئەوەش پابەندیی هەسەدە بە جێبەجێكردنی میكانیزمی ئاسایش، نیشاندەدات.
لە راگەیەندراوەكەدا هیچ زانیارییەك سەبارەت بەو ناوچەیەی سەنگەرەكانی تێدا تێكدراوە و چەند سەنگەریش تێكدراون، ئاشكرا نەكراوە. 
رۆژی هەینی، خولوسی ئاكار وەزیری بەگریی توركیا و مارك ئەسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریكا،  پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و هاوڕابوون لەسەرئەوەی قۆناغی یەكەمی پلانەكە سەبارەت بە درووستكردنی ناوچەی ئارام دەست پێبكرێت. 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بڕیار لەسەر ئەوە درابوو بەمەبەستی تاووتوێكردنی قۆناغەكانی دواتری پلانەكە، شاندە سەربازییەكان بە زووترین كات دووبارە لە ئەنقەرە كۆببنەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group