گڵۆباڵ وتنس: ئەمریكا جیهان لەنەوتدا نقوم دەكات

24/08/2019 جیهان

نەوا
رێكخراوی "گلۆباڵ وتنس"ی جیهانی هۆشداریدەدات لەوەی لەماوەی دەیەی داهاتودا ئەمریكا جیهان لە نەوتدا نقوم دەكات و ئەوەش كارەساتێك دەبێت و گۆڕانكاری ژینگەیی دروست دەكات، هەروەها مەترسییەكی گەورەش دەبێت لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو.
گلۆباڵ وتنس لەراپۆرتەكەیدا ئاشكرایكردوە، پێشبینیدەكرێت لەماوەی دەیەی داهاتوودا ئەمریكا كۆنترۆڵی %61ی نەوت و غازی جیهان بكات ئەوەش گۆڕانكاریەكی نێگەتیڤ و خراپ لەسەر ژینگە دروستدەكات و گۆڕانكاری ژینگەیی چیتر بەرگەی لێدانی بیرە نەوتی نوێ‌ لە جیهاندا ناگرێت.


بەگوێرەی راپۆرتەكە، پیشەسازی نەوت لە ئەمریكا خاوبونەوە بەخۆیەوە نابینێت، ئەوەش سەرەڕای گۆڕانكاریەكانی ئەمدواییە و كەمكردنەوەی خەرجی كۆمپانیا گەورەكانی نەوت و غاز، پیشەسازیی نەوت گڵۆپی سوری بۆ جێبەجێكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەزەریاكاندا هەڵكردوەو بەبڕی 123 ملیار دۆلار بەرهەمهێنانی نوێ‌ دەكرێت و ئەمریكاش پشكی شێری بەردەكەوێت لەو بەرهەمهێنانەدا.
بەپێی راپۆرتەكە، ئێستا ئەمریكا گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت و غازە لەجیهانداو لەدەیەی داهاتوودا لە 10 گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە جیهاندا 7یان لە ئەمریكا دەبن، ئەگەر بارودۆخەكە نەگۆڕدرێت ئەوە تەنها بیرە نوێیە نەوتیەكانی ئەمریكا دوو ئەوەندی بەرهەمی ئێستای سعودیە نەوت و غاز بەرهەمدەهێنن ئەوەش تەحەدایەكی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنەكانی نەوت لەجیهاندا بەتایبەتی دەوڵەتانی كەنداو، بۆ رێگریكردن لە كاریگەری خراپتر لەسەر گۆڕانكاری ژینگەیی پێویستە لەدەیەی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لەجیهاندا 40% كەمبكرێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە پێشبینیدەكرێت بڕی بەرهەمی غاز لە ئەمریكا 25% زیاد بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group