بەرەی عەرەبی هەڕەشە دەكات

29/08/2019 عێراق

نەوا
بەرەی عەرەبی یەكگرتو لەكەركوك، هۆشداریدەداتە ئیدارەی پارێزگاكە لەبارەی پڕۆژەكان و هەڕەشەش دەكات و دەڵێت: "لەمەودوا ئەگەر لە‌رێگەی هێزیشەوەبێت مافی خۆمان وەردەگرینەوەو چاوەڕێی هاوكاری كەس ناكەین".
رۆژی پێنجشەممە وەسفی عاسی سەرۆكی بەرەی عەرەبی یەكگرتو لە كۆنگرەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەدۆخی خەڵكی شارەكە كردو وتی: "خەڵكی كەركوك 16 ساڵە چاوەڕوانی گۆڕانكاری دەكات، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ ئەو هیوایە بەرەو نەمان دەچێت و چیتر ئومێدمان نەماوە".
ئەو لایەنەكانی تۆمەتبار كردو وتی: "بەداخەوە تا دوێنێ حزبەكان دەستیان بەسەر موڵك و ماڵی گشتیدا گرتبو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین خێزانەكان خێروبێرمان دەبەن، بۆیە لەمەودوا چاوەڕوانی كەس ناكەین هاوكاریمان بكات، ئەگەر بەهێزیش بێت خۆمان مافی خۆمان وەردەگرین، چونكە كەس نییە لێپێچینەوە لە گەندەڵەكان بكات".
هەروەك داوایانكرد كە بودجەی كەركوك بخرێتە خزمەتی خەڵكەوەو لەپڕۆژەكاندا جیاكاری نەكرێت بەشێوەیەك تەندەری پڕۆژەكان بدرێتە كەسانی شایستە، هەر لەوبارەیەوە محەمەد رەییاش، وتەبێژی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو وتی: "داوا دەكەین نەزاهەی كەركوك چاودێری پڕۆژەكان بكات و پارێزگاری بكات لە موڵك و سامانی گشتی، لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەنگی هەبێت لە دامەزراندن و بارودۆخی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان لەبەرچاو بگیرێن".
هەروەك سەرۆكی بەرەكە ئەوەی خستەڕوو كە دەیەوێت قوتابخانەیەكی تازە بونیادنراو ببینێت یان شەقامێكی تازە قیرتاوكراو، بەڵام بەداخەوە هیچ ناكرێت لە شارەكە.
بەرەی عەرەبیی، لەسەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن ژمارەیەك لەسەركردەو كەسایەتی سیاسی، لەپارێزگای كەركوك پێكهێنرا جگە لەبەرەی عەرەبی، چەندین حزبی ئەو پێكهاتەیەش لە ئەنجومەنی عەرەبی كۆبونەتەوە، كە لەكۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ئایاری ساڵی رابردودا بە لیستێكی هاوبەش بەشداربون و سێ كورسییان هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group