ئەمریكا پێشبینییەكانی لەباری نرخی نەوتی خاو بۆ ساڵی ئایندە كەمكردەوە

11/09/2019 جیهان
نەوا
ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریكا، پێشبینییەكانی بۆ نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوودا بەبڕی سێ دۆلار كەمكردەوە.
بەپێی راپۆرتی دامەزراوەكە، كە مانگی ئەیلول بڵاویكردوەتەوە، پێشبینی دەكرێت نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت لە ساڵی ئایندەدا، 62 دۆلار و نرخی بەرمیلێك خاوی تێكساس، 56 دۆلار و 50 سەنت بێت.
ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریكا لە مانگی ئابدا پێشبینیی كردبوو، نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت لە ساڵی داهاتوودا، 65 دۆلار و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تێكساس-یش، 59 دۆلار و 50 سەنت بێت.
بەو جۆرە لە پێشبینییەكانی مانگی ئەیلولدا نرخی هەریەكێك لەو دوو جۆرە خاوەی نەوت بەبڕی سێ دۆلار كەمكردووەتەوە.
راپۆرتەكە ئاماژەی بە گرژیی بازرگانیی نێوان ئەمریكا و چین كردووە و بەهۆی ئەو گومركانەی هەردوو وڵات لەئاست یەكتردا پەیڕەویان كردووە، نرخی نەوت رۆژانە كەمبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوكات ئەمریكا بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی پێشبینیكراوی بۆ ساڵی ئایندە كەمكردوەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكە، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی خاو لە ئەمریكا كە لەئێستادا، 12.2 ملیۆن بەرمیلە و لە ساڵی ئایندەدا پێشبینی دەكرێت 13.2 ملیۆن بەرمیل بێت.
ئەمە لەكاتێكدایە لە راپۆرتی مانگی ئابدا پێشبینیكرابوو، ساڵی ئایندە بەرهەمی رۆژانەی نەوتی خاو 13.3 ملیۆن بەرمیل بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group