خەرجی مانگێكی هەر خێزانێكی عیراقی چەندە؟

16/09/2019 عێراق

نەوا
وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاشكرایكرد، رێژەی ناوەندیی خەرجی هەر خێزانێكی عیراقی لەساڵی 2018دا مانگانە ملیۆنێك و 260 هەزار دینار بوە.
لەو بارەیەوە نوری دلێمی وەزیری پلاندانانی عیراق لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "بەپێی لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتەكە لەساڵی 2018دا خەرجی هەر خێزانێكی عیراقی مانگانە گەیشتوەتە ملیۆنێك و 260 هەزار دینار".
ئاماژەی بەوەشداوە، داتاكان پشتگیری حكومەت بۆ هاووڵاتیان لە رێگەی فۆرمی خۆراك و تێچووی ئەو مادانە ناگرێتەوە، كە لەو فۆرمی خۆراكەدا هەن و دەدرێن بە هاووڵاتیان. وەزیری پلاندانانی عیراق باسی لەوەكردوە، ئەو خەرجیە كرێی یەكەی نیشتەجێبونیش ناگرێتەوە، كە خاوەندارێتیەكەی بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
سەرەڕای بونی سەروەت و سامانێكی زۆری سروشتی و داهاتێكی زۆر، بەپێی راپۆرتە جیهانیەكان هاووڵاتیانی عیراق هەژارن و لەسەرەتاییترین خزمەتگوزاریەكان بێبەشن و بێكاریەكی زۆر بڵاوە، شارەزایان هۆكاری ئەوە بۆ بونی گەندەڵییەكی زۆر و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی عیراق لە قەڵەم دەدەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group