پۆمپیۆ: هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە لە عیراقەوە نەبوە

16/09/2019 جیهان

نەوا
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەپەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا تەئكیدیان لەوەكردەوە، خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە بەكارنەهێنراوە.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لە مایك پۆمپیۆوە پێگەیشتوە و چەندین بابەتی وەك پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و هێرشەكەی ئەم دواییەی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.
لەگفتوگۆكەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق تەئكیدی كردوەتەوە، كە پێویستە سەروەریی خاكی عیراق و ئارامی وڵاتەكە بپارێزرێت و لە قوڵكردنەوەی كێشەكان تێوەنەگلێنرێت، هەروەك خاكەكەی بۆ هێرشكردنەسەر هیچ دەوڵەتێكی هاوسێی و دۆست بەكارنەهێنرێت.
وتوشیەتی "عیراق بەسیاسەتەكەی هەوڵی ئەوەدەدات، رۆڵی ئیجابی بگێڕێت لە گرژیەكانی ناوچەكەدا و دوركەوتنەوەی لە تارمایی شەڕ و سیاسەتی لایەنگری".
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تەئكیدی كردوەتەوە ئەو زانیاریانەی لای وڵاتەكەیەتی بەیاننامەكەی دوێنێی حكومەتی عیراق پشتڕاستدەكاتەوە و خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە بەكارنەهێنراوە.
رۆژی شەممەی سەرەتای ئەم هەفتەیە چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردەسەر گەورەترین دامەزراوەی نەوت لە جیهاندا، كە دەكەوێتە بەقیقی سعودیە، هەرچەندە حوسیەكانی یەمەن بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەكە راگەیاند، بەڵام زۆرێك لەراپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی جیهان باسیان لەوەدەكرد هێرشەكە لەخاكی عیراقەوە ئەنجام دراوەو ئێرانیش بەو هێرشە تۆمەتبار دەكرێت.
لەم نێوەندەدا ریك پێری وەزیری وزەی ئەمریكا لەمیانی وتارێكی لە كۆنگرەی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤیەننا، راستەوخۆ ئێرانی تۆمەتباركرد بە هێرشكردنەسەر كارگەكانی كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆ لە سعودیە و وتی "تاران بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لەئەستۆدایە".
ئەو هەنگاوەی ئێرانیشی بە "رەفتارێكی قبوڵنەكراو" وەسفكرد و هێرشەكەی بە پلان بۆداڕێژراو دانا بۆ بەئامانجگرتنی ئابوری و بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group