كۆتا وادەی رێككەوتنی عیراق و ئەمریكا بۆ گەڕانەوەی ئەرشیفی جوەكان ساڵی 2021ە

21/09/2019 عێراق

نەوا
عەبدولئەمیر حەمدانی وەزیری رۆشنبیریی عیراق ئاشكرایكرد، لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رێككەوتون ئەرشیفی جوەكانی عیراق بگەڕێننەوە، رێككەوتنەكەش تاساڵی 2021 جێبەجێ دەكرێت.
حەمدانی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "رێككەوتن لەنێوان حكومەتی عیراق و ئەمریكا كراوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەرشیفی جوەكان، كە پێشتر لەعیراقدا بوە، حكومەت هەوڵدەدات لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كە تا 2021 درێژدەبێتەوە، ئەو ئەرشیفە بگەڕێنێتەوە".
وتیشی "ئەو ئەرشیفە بەمەبەستی پاراستنی لەساڵی 2004ەوە لە عیراقەوە براوەتە واشنتۆن، دواتر حكومەتی عیراقی رێككەوتنی لەگەڵ ئەمریكا كرد، كە بگەڕێنرێتەوە عیراق و كۆتا وادەش بۆ گەڕانەوەی دوو ساڵی داهاتوە".
پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق رایگەیاند، ئەرشیفی جوەكانی عیراق تائێستا لای ئیدارەی پارێزراوە نیشتمانیەكانی ئەمریكایە و واشنتۆنیش پابەندە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ عیراق بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئەرشیفە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group