پەرلەمانتارێك: رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی بۆ پەرلەمانی عیراق دواخستوە

20/10/2019 عێراق

نەوا
پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دەڵێت، بەهۆی رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی بەشەبودجە و پرسی نەوت، حكومەت پرۆژەیاسای بودجەی 2020ی بۆ پەرلەمانی عیراق نەناردوە، ئەگەری خۆپیشاندانەكانیش كاریگەریی لەسەر چونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەبێت.
شیروان میرزا پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی داراییە، بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پێویست بو حكومەتی عیراق لە رۆژی 15ی ئەم مانگەدا پرۆژەیاسای بودجەی 2020 بنێرێت بۆ پەرلەمان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەولێر و بەغدا لەبارەی بەشەبودجەی هەرێم و پرسی نەوت نەگەیشتونەتە رێككەوتن، بۆیە ناردنی پرۆژەیاساكە دواكەوتوە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە خۆپیشاندانەكانی عیراقیشی بە هۆكارێكی دیكەی دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی پرۆژەیاسای بودجەی 2020 زانی، بەو پێیەی زۆرێك لە داواكاریی خۆپیشاندەران پەیوەندیی بە لایەنی داراییەوە هەیە.
شیروان میرزا تەنانەت پرسی چونی وەفدی حكومەتی هەرێمیشی بۆ بەغدا بەستەوە بە ئەگەری دوبارە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق و رایگەیاند، ئەگەر خۆپیشاندان سەرهەڵنەداتەوە، بۆی هەیە ئەم هەفتەیە، یان هەفتەی داهاتو وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندان بكرێتەوە، ئەوا كاریگەریی لەسەر چونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا دەبێت.
بەوتەی لیژنەی باڵای هەماهەنگیی خۆپیشاندانەكانی عیراق، بڕیارە لە هەینیی داهاتودا خۆپیشاندانەكانیان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق دەستپێبكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group