لە توركیا 133 ئەندامی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان دەستگیركران

19/11/2019 جیهان

نەوا
لە چەند رۆژی رابردوودا لە توركیا 133 ئەندامی سەربە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە كودەتاكەی ساڵی 2016ی ئەو وڵاتە و ئەندامبوونیان لە بزوتنەوەكەی فەتحوڵڵا گولەن، دەستگیركراون.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە ئەنجامدانی كودەتاكەی ساڵی 2016-وە هەیە، لە چەند رۆژی رابردودا لە ئیزمیر 133 ئەندامی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان دەستگیركراون و تۆمەتی ئەندامبون لە گروپی خزمەت-ی فەتحوڵڵا گولەن و بەشداری لە كودەتاكەی 2016 خراوەتە پاڵیان.
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز هەواڵەكەی وا بڵاوكردەوە، كە دەستگیركراوەكان لە وەزارەتەكانی كار و دارایی كاردەكەن، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیكەیشنی (بایلۆك)یان بۆ پەیوەندیكردن بەكارهێناوە، دەستگیركراون، بەوپێیەی حكومەتی توركیا دەڵێت، ئەندامانی گروپی خزمەت-ی گولەن ئەو ئەپڵیكەیشنە بۆ قسەكردن بەكاردەهێنن.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا، بە تۆمەتی هەوڵی كودەتا، نزیكەی 80 هەزار كەس دەستگیركراون و 150 هەزار فەرمانبەر و سەرباز و ئەندامی هێزە ئەمنییەكانیش لە كارەكانیان دورخراونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group